دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە)، هاوکات لەگەڵ وەسفکردنی پڕۆسەی ئاشتی بە “ئامانجی نیشتمانی”، هێرشێکی توند دەکاتە سەر سەردانەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ شاری شرنەخ و بە “پێشێلکردنی سەروەریی تورکیا” وەسفی دەکات.
سەردانەکەی بارزانی و پرسی سەروەری
باخچەلی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (تورکگون)ـی سەر بە پارتەکەی، ڕەخنەی لە شێوازی سەردانەکەی مەسعود بارزانی گرت و ڕایگەیاند، سەردانەکە کراوەتە نمایش. بە گوتەی ناوبراو هاتن و چوونی سەربازی بیانی بە بەرچاوی خەڵکەوە و بە چەکەوە لەسەر خاکی تورکیا، بە یەک وشە “ئابڕووچوونە” و بەمەش سەروەریی کۆماری تورکیا پێشێلکراوە. باخچەلی زیاتر ڕۆیشت و ئەم ڕووداوەی بە هێرشێکی بە ئەنقەست بۆ سەر ناوبانگی کۆماری تورکیا لێکدایەوە.
تورکیای بێتیرۆر؛ ئامانجێکی مێژوویی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی مەهەپە پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پڕۆسەی ئاشتی دووپاتکردەوە کە ئەنقەرە بە “تورکیای بێتیرۆر” ناوی دەبات. ئەو دەڵێت پرۆسەکە کاریگەرترین هەنگاو و وەرچەرخانی مێژووی کۆماری تورکیایە و ئامانجێکی نیشتمانیی و مێژووییە، بۆیە بچووکترین سازش، دواخستن و دوودڵی لەبارەی ئامانجەکەوە نییە و قبووڵ ناکرێت.
وەڵامێک بۆ دەنگۆی کودەتا
سەبارەت بەو قسانەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە ڕایگەیاندبوو ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەرنەگرێت ئەوا “میکانیکی کودەتا” لەناو مەهەپەوە دژی باخچەلی چالاک دەکرێت، سەرۆکی مەهەپە وەڵامی دایەوە و گوتی، بە پێکەنینەوە بیرم لەم قسانە کردووەتەوە و ئەمانە تەنیا بوختان و قسەی پووچن، هیچ شتێک لەو ڕێگایەی گرتوومانەبەر پەشیمانمان ناکاتەوە.
هۆشداری بۆ تێکدەرانی پڕۆسەکە
دەوڵەت باخچەلی پەیامێکی ئاڕاستەی ئەو لایەنانەش کرد کە خواستیانە پڕۆسەکە تێکبدەن و پەکی بخەن. ئەو دەڵێت ئێمە لە دەستپێکی قۆناغێکی مێژووییداین و هیچ کەسێک مافی نییە ئەم ئاستە باڵایەی پێگەیشتووین لەدەستبدات و بە فیڕۆی بدات، بۆیە هەر کردەوەیەک پێچەوانەی ئەمە بێت وەک بەرەنگاربوونەوەی دژی گەل و دەوڵەت لێکدەدرێتەوە.
قەندیل پرێس