✍ ئەمین سۆرخابی
لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە کە بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان سەریهەڵداوەو چەندین قۆناخی تا ئەم چرکەساتە بڕیوە پێم شک نایەت لە هیچ سەردەمێکدا هێزێکی سیاسی خۆی داوای لەگۆڕ نان و تواندنەوەی خۆی بکات. هی وا هەبووە ماوەیەک عێراقچیەتی و ئێرانچیەتی کردوە تاوەکو هاوسەنگی لەگەڵ رکابەرەکەی بپارێزی بەڵام قەت نەکەوتوەتە لەخۆدان و شێلانی ئەو کۆڵەکەو بنەمایانەی لەسەری دامەزراوە. بەڵام ئەو هێزەی داوای ئەنتێگرە کردنی کورد دەکات ویستیەتی بە پێشنیاری خۆی قەڵاچۆ کردنی نەتەوەکەی تیوریزە بکات.
جیاواز لەوەی ئەنتێگرە بوون و ئەنتێگرە کردن بۆ ئەو گروپانە دێ کە کۆچبەرن نەک خانەخوێ، ئەگەر زۆر گەشبینانەش لێی بڕوانین وایدانێن لەوانەیە بۆ کورد لە تورکیا گونجاو بێ بۆ کورد لە ئێران نەک گونجاو نییە بەڵکو پشتکردنە لە مێژوویەکەی. دەسەڵاتدارانی ئێرانی و رەوتی روناکبیری و چالاکانی سیاسی بەرامبەر کورد تا ئەو ئاستە لەخۆیان رانەبینیوە داوای تواندنەوەمان بکەن. تەنانەت فاشیستەکەیان، تاقمی کوڕی “شا”، کە ئەم دوایانە سەریهەڵداوە لانیکەم مافی شارومەندیمان پێ رەوا دەبینێ.
بەڵام پۆلی ئینتێگراسیۆن مافی کورد وەک “تاک” یشمان پێ رەوا نابینێ. نەک مافی “بەکۆمەڵ” لایان گرنگ نییە بەڵکو شۆناسیشمان وەک تاک دەگرێتە ئامانج. کورد لە ئێران ئەگەر بەوە رازی بوایە پێویستی نەدەکرد چەندین قۆناخی مێژوویی وەک ١٩١٨، ١٩٤٦، ١٩٧٩، ١٩٩٩، ٢٠٠٥،٢٠٢٢ تۆمار بکات لە پێناو بزوتنەوە رزگاریخوازانەکەی کە سەرەتایی ترین داخوازی مسۆگەرکردنی مافی بە کۆمەڵە.
ئەوەی بە زەربی چەندین حکومەتی یەک لەدوایەک و دەزگای راگەیاندن و پارەو روناکبیرەکانیان لە ئێران بۆیان نەچوەتە سەر بۆ ئێوەش ناچێتە سەر. بڕیارو هەڵوێستەکەتان هەڵەیە. رۆژهەڵات تان ئاوا پێ ناخورێ چۆن تاڵە.
قەندیل پرێس