وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی پەخشان عەزیزی، ژنە زیندانیی سیاسیی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، ناوبراو لە دادگاییەکی نادادپەروەرانەدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە.
“پەخشان عەزیزی لە دادگاییەکی نادادپەروەرانەدا سزادراوە”
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، پەخشان عەزیزی لە مافی بینینی پارێزەر بێبەشکراوە و لە زیندانی تاکەکەسی لە زیندانی ئێڤین راگیراوە.
“داوا دەکەین سزای سێدارە رابگیرێت”
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە حکومەتی ئێران دەکات سزای سێدارە لە وڵاتەکەیدا رابگرێت و “دەستبەجێ پەخشان عەزیزی و هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد بکات و کۆتایی بە تیرۆر و تۆقاندنی خەڵکەکەی بهێنێت”. ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە حکومەتی ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ سەرکوتکردن بەکاردەهێنێت و بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
پەخشان عەزیزی، رۆژنامەنووس و چالاکوانی کورد و خەڵکی شاری مهابادە. رۆژی 4ـی ئابی 2023 لە تاران دەستگیرکرا و دواتر بە تۆمەتی “خیانەت لە وڵات” و “ئەندامبوون لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا. پێشتریش 26 رێکخراوی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای راگرتنی سزاکەیان کردبوو.
قەندیل پرێس