وتووێژی تایبەتی قەندیل پرێس لەگەڵ بەڕێز ئەلبورز ڕۆئین تەن، چالاکی سیاسی، لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
قهندیل پرێس: هەروا کە ئاگادارن ململانێی ئەمریکا و ئێران لە لووتکەدایە، ئەمریکا گەمارۆی ئابووری ئێرانی داوەو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گوشارەکانی زێدەتر دەکات، هاوکات لەهەر ساتێکدا ئەگەریی دەستپێکردنەوەی شەڕ لەئارادایە، خوێندنەوەی بەڕێزتان بۆ ڕەوتی گۆڕانکاریەکان چییە؟
ئەلبورز ڕۆئین تەن: لە دۆخی ئێستادا ناڕوونییەکی زۆر لە مەڕ داهاتووی ململانێی ئەمریکا و ئێران دا هەیە، بەڵام ئەو ناڕوونیە بە جۆرێک ویستی دو لایەنەیە، چونکە ئێران دەیهەوێ لەو دۆخەی بەردەوامی ناڕوونییەکان و هەبوونی ململانێ و شەڕ کەڵک وەرگرێ بۆ پەردە پۆش کردنی هێنانەوەی بیانوو بۆ ئەو هەموو قەیرانە گەورەی کە لە نێوخۆدا هەن و هەروەها دەرفەتیشە بۆ سەرکوتی زیادتر لە نێوخۆ بۆ ئەوەی پێشی بە هەر جۆرە هەستانەوەیەکی خەڵک بگرێت، لە لایەکی دیکە ئێران بەو شێوەیە کات بە سەر دەبات بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەورەی ترامپ بهێنێ و هەروەها دوای ئەو شکستە گەورەی کە تووش بوە خۆشی تا ڕادەیەک ڕێکبخاتەوە.
ئەمریکاش بەو شێوەیە دەستی کراوەیە هەرکات دەیهەوێ گورزی پێویست دەوەشێنێ و هەر کات بیهەوێتیش دانوستاندن دەکات، واتە دەستی کراوەیە بە گوێرەی ڕێژەی ڕاپرسیەکان و ویستی دەنگدەرانی کۆماریخوازان بجوڵێتەوە.
لە دۆخێکی وەهادا ئەگەری ڕوودانی ئاشتی یا شەڕی تازە، یا ئەگەری هەر ڕووداوێکی چاوڕوان نەکراو بە ئەندازەی یەکترە.
قهندیل پرێس: ماوەیەک پێش ئێستا بە بۆنەی ساڵوەگەریی کوژرانی ژینا ئەمینی بەدەست هێزەکانی ڕژێمی کۆماریی ئیسلامی ئێران، زۆرینەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر داوای حیزبەکان مانگرتنێکی گشتیی بەڕێوەبرد، بە ڕای بەڕێزتان دوای ئەم هەمووە سەرکوتی خەڵک و بۆردوومانی حیزبەکان لە باشوور، پەیامی ئەم مانگرتنە بۆ ڕژێمی کۆماریی ئیسلامی چییە؟
ئەلبورز ڕۆئین تەن: وێڕای ئەوەی لە کاتێکی کەمدا ئەو مانگرتنە ڕاگەیانرا و هەروەها ئامادەکاری پێویست بۆ باشتر بەڕێوە چوونی ئەو مانگرتنە بە ڕادەیەکی پێویست نەکرا، تەنانەت هەندەێ دەنگۆی ناڕەزایەتیش هەبوو لە بەڕێوەچوونی مانگرتنەکە، بەڵام وەڵامی خەڵک دیسان جێگەی نیگەرانی زۆری کۆماری ئیسلامی بوو، ئەوەش ئەو ڕاستیەمان نیشان دەدات بە هەموو کەم و کوڕییەکانی کە هەمانە تەنیا دەنگی ناڕەزاییەتی ڕێکخراو و هەماهەنگ لە نێوان خەڵک و ئۆپزسیون لە کوردستان بوونی هەر هەیە.
ئەو ڕاستیە بۆ شۆڕشی کورد سەرمایەکی گەورەیە دەبێ بیر لەو سەرمایە گەورەیە بکرێ بۆ بە کارهێنانی بۆ سەرخستنی شۆڕش بە ویست و تایبەتمەندییەکانی کوردی و کوردستانی. هەروەها بۆ کۆماری ئیسلامیش ئەو پەڕی جێگای مەترسیە. تەنانەت کۆماری ئیسلامی ئەو مەترسیەی خۆیان ناشارنەوە، هەر خۆیان ئاشکرایان کرد کە لە جەنگەی شەڕی ئەمریکا و ئێراندا، لە کاتێکدا ڕێبەریان کوژرا بوو، بە سەدان بەرپرسی ژمارە یەکیان لە دەستدا بوو، ئەوانەی مابوون تەنانەت نەیاندەتوانی پەیوەندی بە یەکترەوە بگرن لە دۆخێکی وەها دا کە نەمانی خودی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پرسیاری سەرەکی لە سەر بوو ئەوان لە پێش نەمانی خۆیاندا نیگەرانی دۆخی کوردستان بوون و بۆ ئەوەی کوردستان نەجوڵێ، تەنانەت هەوڵی دروست کردنی پەیوەندییان لە گەڵ ئەو دەوڵەتەی کە شەڕی لە گەڵ دەکەن و ڕێبەری ژمارەی یەکشیانی کوشتووە دەدەن ۆ ئەوەی نەهێڵێن کورد جوڵە بکات. ئەوە جێگای تێڕامانە بە داخەوە کەم لایەن و کەسی سیاسەتی کوردی ئاگاداری ئەو پوتانسیلە گەورەی کوردن.
قهندیل پرێس: هەروا کە ئاگادارن یەکێک لەو پرسانەی کە بەردەوام لە مەیدانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخرێتە بەرباس، بابەتی پێوەندیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییە. لەیەکساڵی ڕابردوودا بەشێک لە حیزبەکان لە کۆنگرەی ئازادی ئێران بەشدار بوون و هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا بەڵگەی مافی مرۆڤی ئۆسلۆیان واژۆ کرد. زۆرینەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە بەڵگەنامەکانی خۆیاندا لە ئاست ڕۆژهەڵات باس لە نەتەوەبوونی کورد، مافی چارەی خۆنووسین و فیدرالیسم و… دەکەن بەڵام کاتێک لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کۆدەبنەوە یان بەڵگەیەک واژۆ دەکەن، زۆرینەی ئەم شتانە نامێنن یانی بەئاسانی ئاستی خۆیان دێننە خوارەوە، ئەمە لەکاتێکدایە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ڕووی مەیدانییەوە زۆر بەهێزترن لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟ بۆ حیزبەکان لەسەر مافەکانی نەتەوەکەمان پێداگریی ناکەن؟
ئەلبورز ڕۆئین تەن: ئەم بابەتە لە زۆر ڕەهەندەوە شایانی تێڕامانە، چونکە بە یەکێک لە خەسارەکانی ئۆپزسیونی کوردی دەزانم، ئەگەر باس لە هۆکارەکان، واتە خەسار ناسی ئەم بابەتە بکەین، پێم وایە بۆ سەرچاوەی گرفتەکان دەبێ بۆ بیرکردنەوەو سایکولۆژیانی مرۆڤ و وڵاتی داگیرکراو بگەڕێینەوە کە چۆن سیستمی داگیرکەر توانیویەتی بە سەدان ساڵ باوەڕی کەم بوون لە بیری مرۆڤ و نەتەوەو وڵاتی داگیرکراو لە بەرانبەر مرۆڤ و نەتەوەو وڵاتی داگیرکەر بچێنێ، کە داگیرکراوەکە بە جورێک خۆی بە کەم و شایانی پەسەند کردن لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندی یا بیری داگیرکەر دەزانێ.
بۆ نمونە من مافی ئەوەم نیە پێناسەی خۆم بکەم بڵێم نەتەوەم، ئەوان دەبێ پێناسەی من بکەن لە پێناسەی ئەوانیشدا هەمیشە من لە ژێرەوەی ئەو پێناسەم کە ئەوان بۆ خۆیان دەزانن.
کە واتە منی نەتەوە بۆم نیە مافی جوگرافیای ژیانم دیار بکەم، ئەوە ئەوان دیاری دەکەن ئەو جوگرافیایە کوێیە، چەندە و نێوی چیە، تەنانەت من جوگرافیایەکی جیاوازیش نیم، من بەشێکی بچووک لە گشتێکی ئەوانم بۆ نمونە بە کرماشان و ورمێ ناهێڵن بڵێین کوردستان دەڵێن شاری کوردنشین.
من کە نەتەوە نەبم و جوگرافیایەکی دیاریکراویشم نەبێ مافی بڕیار دان لە چارەنووسیشم نیە ئەوان واتە تاکی تارانی، ئیسفەهانی، مەشەدی و تەورێزی زیاتر لە من مافیان بە سەر کورد و کوردستان هەیە، خۆیان بە واتای تەواوی وشە بە خاوەن دەزانن و بڕیار بۆ من دەدەن، ئەو بڕیاردانە بە ئەندازەیەکە تەنانەت من چیم و چی بم ئەوان دیاری دەکەن.
ئەو خەسارە لە پرسی کورد بە گشتی هەیە هەر بۆیەش ئێمە هەمیشە داواکارین، تەنانەت داوای مافی بنەڕەتیەکانیش دەکەین، بۆ نمونە مافی خوێندن بە زمانی دایکی بۆ ئێمە دەبێتە بابەتی دانوستاندن، تەنانەت ئەو مافە بنەڕەتییە ئەگەر بە دەست بێنین بە سەرکەوتن دەزانین.
هەر بۆیەش بۆ تارانیەک مافی “حداکثری” مرۆڤ هەیە و هەر باسیشی ناکەن کە دەگاتە کورد دەبێ مافی “حداقلی” بە گفتوگۆ و حاتەم بەخشی واژوو دەکرێ و کورد بۆ خۆی بە سەرکەوتن دەزانێ!. بۆ؟
پێم وایە مرۆڤی کورد، بە تایبەتیش شۆڕشگێڕی کورد لە سەرەتا دا دەبێ ئەو بیرکردنەوەیە لە مێشکی خۆی بسڕێتەوە، واتە بیری کەم بوونی خۆی لە بەرانبەر ئەوی دیکە کە نەتەوەی خاوەن دەوڵەتە، بۆ ئەوەی بتوانێ سەرەتایی سەرکەوتن لە هەر دانوستاندن لە سەر هەر بابەتێک لە گەڵ بیر و دەسەڵاتی داگیرکەر بە دەست بێنێ.
هەنگاوەکانی دیکە بە دوای ئەو سەرەتایە دێن ئەو کات وەک کورد لە گەڵ لایەنی بەرانبەر دادەنیشین نەک تاک و لایەن و حیزب، وەک کورد پێداگری لە هەموو مافێک، بە مافی بڕیاردان لە چارەنووسیشەوە دەکەین، ناهێڵین لە ژێر هیچ ناونیشانێک و ئەو مافە بنەڕەتیانە زەوت بکرێن، ببنە بابەتی دانوستاندن.
دەبێ بۆ ئەو سەرەتایە بگەڕێینەوە، ئەگەر نا هەموو ئەندامانی فارسی کۆنگرەی ئازادی و ئێران و دەیان ڕێکخراوی سیاسی دیکەی فارس کە بە ئەندازەی تەنیا یەک کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە نوروێژ هێزی مرۆیی و مادی و مەعنەوییان نیە داخوازەکانیان بە سەر ئێمەدا دەسەپێنن و ئێمەش مافی حداقلی بە سەرکەوتن دەزانین.
قهندیل پرێس: ئێستا دەبینین بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان باس لە ڕێگا چارەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکات، لە باکوور و ڕۆژئاوا لە لایەن حیزبەکانی سەربە ڕەوتی ئاپۆچی ئەم چارەسەرییە قەبووڵ کراوەو بەڕێوەی دەبن، بۆ نموونە لە ڕۆژئاوادا هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (SDF) و خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە پێکهاتەی حکوومەتی ناوەندیی ئەنتێگرەکران، پژاکیش لە ئاست ڕۆژهەڵات و ئێران هەمان ڕێگا چارەسەر لە مودێلی کۆماری دیموکراتیکی ئێران پێشنیار دەکات و لە چوارچێوەی کۆنگرەی ئازادی ئێران هەوڵی بۆ دەدات، بە ڕای بەڕێزتان ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک دەتوانێت لە ئاست ڕۆژهەڵات و ئێران بۆ پرسی کورد ڕێگا چارەسەر بێت؟
ئەلبورز ڕۆئین تەن: ئەنتێگراسیونی دێموکراتیک یا هەر تێزێکی دیکە لە ژێر هەر ناو و نیشانێک کە پرسی کورد وەک نەتەوەیەک کە لە کوردستان داگیرکراوەو و ئازادی لێ زەوتکراوە بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات نەبینێ و بیهەوێ باسی لاوەکی دیکە بکات بە لاڕێ بردنی پرسی کورد بە سودی وڵاتانی داگیرکەرە، چونکە لە ئەنتێگراسیونی دێموکراتیک مافی نەتەوەی کورد وکوردستان وجودی نیە، ئەگەر وجودی نەبێ بە بێ بوونی کورد و کوردستان چۆن پرسی کورد چارەسەر دەکرێت؟
ئێمەی کورد بە درێژای مێژوو هیچ ڕەوشتێکی نادێموکراتیکمان لە گەڵ گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین نیە، کە پێویستیمان بە ئەنتێگراسیونی دێموکراتیک هەبێت، ئەوە گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوینن کە نادێموکراتیکانە و تەنانەت هەر بۆ گوتەی خودی بەڕێز ئۆجەلان و هەموو ئەوانەی لایەنگری بیری هزری بەڕێز عەبدولا ئۆجەلان دەکەن فاشیستانە دەجوڵێنەوە، بۆیە ئەنتێگراسیونی دێموکراتیک ئەگەر سەرەتا ئەو گەلانە، یا دەسەڵاتانە یا دەوڵەتە داگیرکەرانە یا ئەو بیرە فاشیستیە دێموکراتیک دەکات ئاساییە، ئەگەر یەک نوقتە لە بیرکردنەوەی ئەوان بە نیسبەت کورد دەگۆڕێ کە نایکات و ناتوانێ بیکات، باشە، بەڵام ئەگەر مەبەست لە ئەنتێگراسیونی دێموکراتیک دور کردن یا تواندنەوەی کورد لە چەمکی دژایەتی کردنی داگیرکەرە ئەوە زۆر بە زیانی کورد دەزانم.
سەیر بکەن لە تورکیە پەکەکە چەکی دانا و بە هەموو شێوەیەک بڕیارەکانی بەڕێز عەبدوڵا ئوجەلان جێبەجێ دەکات، بەڵام تورک ئامادە نیە کەمترین مافی کورد لە یاسای بنەڕەتی و تەنانەت یاسای ئاساییشدا جێگیر بکات، لە بەرانبەر ئەو هەموو ئەنتێگراسیونە دێموکراتیکەی بەڕێز عەبدولا ئۆجەلان یەک ویستی کورد کە وەک ویستی نەتەوە هەر باسی لێنەکراوە، تەنانەت ئازادی بەڕێز ئۆجەلانیش تەم و مژاوییە کە بە بێ ئەو ئەو ئەنتێگراسیونە کە بە دڵی دەوڵەتی تورکیاشە جێبەجێ نابێت.
بۆیە پێویستی بە تێز و ناونیشان و فەلسەفەی جودا جوداو و تیتری جوان ناکات، دان بە پرسی کورد وەک پرسی نەتەوەیەک کە ئازادی دەوێ بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات داننراوە یا نە؟ ئەوە سەرەتاو کۆتایی چارەسەرەکەیە، بە بێ ئەو سەرەتایەو کۆتاییە چارەسەری پرسی کورد مومکین نیە.
لە سوریە لە سەر بنەمای ڕێککەوتنێک کە لە گەڵ ئەحمەد شەڕع کرا هەموو ویستەکانی دەوڵەتی سوریە یا باشتر بڵێم دەوڵەتی تورکیە یەک یەک جێبەجێ کران، باشە لەو ڕێککەوتنە چ بەندێک چ مادەیەک بۆ کورد هاتووە، تەنیا لە یەک شوێن باسی کورد دەکات ئەویش دەڵێ “مجتمع الکوردی اصیل” واتە کۆمەڵگای کوردی ڕەسەنە. ئەوە یاری کردنە بە عەقلی کورد، چونکە تەنیا بەو ڕستەیە تەواوی دەسەڵاتی کورد کە چەندین بەرابەری دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع بوو تەسلیمی ئەحمەد شەرع کرا ئەویش بنەمای دەسەڵاتی خۆی پتەو و پتەوتر دەکات، هەر وەک ئەو چیرۆکەی کە بە درێژای مێژووی کورد بە سەری کورد هاتووە.
ئەوەیە ئەنتێگراسیونی دێموکراتیک؟ من وەک کوردێک نامهەوێ نە ئەنتێگرە بم و نە بەو شێوەیەش دێموکراتیک.
قهندیل پرێس: لە کۆنگرەی ئازادی ئێران، ئامانجی لایەنە فارسەکان ڕوونە، هەروەها پڕۆژەی پژاکیش بەپێی وتەی ئەندامانی ڕێبەرایەتی ئەو حیزبە کۆماری دیموکراتیکی ئێرانە، بە ڕای بەڕێزتان ئامانج و پڕۆژەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو کۆنگرە چییە؟
ئەلبورز ڕۆئین تەن: ئەوەی باس دەکرێ هەوڵ دەدرێ لە کۆڕو کۆبونەوانەدا بە دوای دروستکردنی ئاڵتێرناتیڤێک بۆ کۆماری ئیسلامی بە سەرەتایەک بگەن. واتە دیالۆگ بکەن، واتە دەبێ لە شوێنێک دەست پێ بکەن، واتە لە نێوان پەهلەوی سەڵتەنەت خوازو دیکتاتوریەکی دیکەی وەک موجاهدین بە دوای ڕێگەی سێیەم دا بڕۆن. ئەوانە لە بنەڕەتداو لە سەر لاپەڕە ئەگەر لۆژیکیش بێنە بەرچاو، لە پراکتیکدا دەتوانیم بڵێم ئەگەری دروست بوونی زۆر کەمە ئەوەندە کەم کە هەر شایەنی باس نین.
بۆ نمونە لە کوردستان ئێمە دەڵێین لە سەر داواکاری حیزبە کوردیەکان مانگرتن کرا، واتە پێگەیان هەیە ڕێکخستنیان هەیە بەردەنگیان هەیە. جا کەم یا زۆر بەڵام هەیە، تەنانەت ئەوەندە هەیە کە کۆماری ئیسلامیش دەترسێ، بەڵام بە هەموو ئەو گروپانەی فارسەکان کە لە کۆڕو کۆبونەوەی جیاوازن بە شۆڕای گوزاریش کە گۆیا پڕ ڕەنگ و دەنگترینیانە، کامیان دەتوانن مانگرتن لە یەک شاری ئێران بەڕێوە ببەن، کامیان دەتوانن لە یەک گەڕەک یا تەنانەت یەک شەقام بەڕێوەی ببەن، با خەڵک داوەری بکات ئەگەر وەڵامەکە ئەوەبێ کە ناتوانن، کە واتە ئسوڵی حداقلی نا حداکثریش واژوو بکەن کە بەو حاڵەش نایکەن واتە دان بە کەمترین مافی مرۆڤ بۆ کورد دانانێن هیچ ئاکامێکی نابێ و نیە.
قەندیل پرێس