به‌په‌له

ئەحمەد شەرع: مانەوەی قەوارەی هەسەدە بە هەر ناوێکەوە بێت، عێراق و تورکیا رووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە، هەروەها دەوڵەتی سووریاش رووبەڕووی مەترسیی نێوخۆیی دەکاتەوە

سەرۆککۆماری سووریا رایگەیاند لە یەکەم دانیشتنیدا لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، پێیڕاگەیاندووە، مافی کورد لە سووریا پارێزراوە، ئەگەر ئێوە بۆ مافی کورد خەبات دەکەن، پێویست بە رشتنی یەک دڵۆپ خوێنیش ناکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 22-09-2025 ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە پانێلێکدا لە لووتکەی ساڵانەی کۆنکۆردیا نیویۆرک لە ئەمریکا باسی کێشەی چەکی لە سووریا کرد و گوتی: “دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت”

سەرۆککۆماری سووریا باسی لە هەوڵەکانی حکومەت کرد بۆ یەکخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە چوارچێوەی سوپای نوێی سووریادا و رایگەیاند، گفتوگۆیان لەگەڵ چەندین گرووپی چەکداری و هەسەدە کردووە بۆ ئەوەی هێزەکانیان تێکەڵ بە سوپای سووریا بکەن و “سوود لە ئەزموونی ساڵانی رابردوویان وەربگیرێت”.

سەبارەت بە پرسی کورد، ئەحمەد شەرع جەختی لە پاراستنی مافی کورد کردەوە و گوتی: “لە یەکەم دانیشتنماندا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، باسمان لەوە کرد مافی کورد پارێزراوە. ئەگەر ئێوە بۆ مافی کورد خەبات دەکەن، پێویست بە رشتنی یەک دڵۆپ خوێنیش ناکات.”

شەرع گەرەنتی دا، کە لە دەستووری نوێی سووریادا مافی کورد پارێزراو دەبێت و وەک هەموو گەلی سووریا، کوردیش رووبەڕووی زوڵم و ستەمکاری بووەتەوە و نایانەوێت ئەم دیمەنە لە دەوڵەتی نوێدا دووبارە ببێتەوە.

رۆژی 10ـی ئاداری ئەم ساڵ ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، بۆ ئەوەی هەسەدە ببێتە بەشێک لە سوپای سووریا، سەرۆککۆماری سووریا نیگەرانی خۆی لەسەر “سستی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە” و هەندێک هەوڵ بە ناوی لامەرکەزییەتەوە دەربڕی کە بە گوتەی ئەو “مەبەست لێی دابەشکردنە”.

سەرۆککۆماری سووریا هۆشداری دا، مانەوەی قەوارەی هەسەدە بە هەر ناوێکەوە بێت لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، “عێراق و تورکیا رووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە، هەروەها دەوڵەتی سووریاش رووبەڕووی مەترسیی نێوخۆیی دەکاتەوە.” بۆیە داوای چارەسەرێکی ئاشتییانەی بەپەلەی کرد.

ئەحمەد شەرع بە پێویستی دەزانێت ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، چونکە بە گوتەی ئەو جەماوەر، گەلی سووریا، ئەمریکا و تورکیاش پێشوازییان لێکردووە و ئەمە “دیاردەیەکی دەگمەنە لە 10 ساڵی رابردوودا.” داوای کرد سوود لەم “ساتە مێژووییە” وەربگیرێت کە لە بەرژەوەندیی سووریا و دواتریش هەسەدە و کۆمەڵگەی کوردیدایە.

شەرع هەروەها باسی لە مافی گەڕانەوەی ئاوارەکان کرد و رایگەیاند، هەر کەسێک زیانی پێگەیشتووە و لە گوند و ماڵی خۆی ئاوارە بووە، مافی خۆیەتی بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی و ئەم مافە “بەبێ هیچ دانوستاندنێک دابینکراوە”.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دەم پارتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەرمەزار کرد

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بەیاننامەیەکدا، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی لە ئێران و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *