قەندیل پرێس – ڕاپۆرتی بنکۆڵکاری
کورتەیەک لە ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکە: “میدیای سەرەکی فارسی زمان لە دەرەوەی وڵات هەوڵی پێشخستنی پڕۆژەی سەپاندنی ڕەزا پەهلەوی، شازادەی دەربەدەری، وەک “سەرکردەیەکی جێگرەوە” دەدەن.
بۆ کورد ئەم بابەتە نەک هەر شەرعیەتی تێدا نییە، بەڵکو مێژووی سەرکوتکردنی ناسنامە و مافی نەتەوە غەیرە فارسەکان لەلایەن دەسەڵاتی پاشایەتییەوە بیردەخاتەوە.
هەرچەشنە بێئاگابوونێک لەم پرۆسەیە لەلایەن میدیا و لایەنە کوردییەکانەوە، فۆرمێکی مەترسیداری پاسیڤیەت دەبێت.
بۆیە پێویستە میدیا و هێزە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بە وریاییەوە هەوڵەکانی پشت پەردە بۆ دەستبەسەرداگرتنی شۆڕش لەلایەن هێزە ناوەندگەرییەکانەوە ئاشکرا بکەن.
ڕۆڵی ئێستای کوردستان نیشانەی بێخەمی نییە، بەڵکو “ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە پەراوێزخستنی مێژوویی”یه”
تا سەر لەبەیانی شەممە ٣ـی ژانویەی ٢٠٢٦ (١٣ـی بەفرانباری ١٤٠٤)، ڕاپۆرتەکانی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان کە لە ٧٢ شارو شارۆچکه بڵاوبوونەتەوە، بەپێی تۆڕی OSINT Fytox (فایتۆکس)، بڵاوکراونەتەوە، لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی ئاگرکەوتنەوەی ڕاستەوخۆ و کوژرانی چەند کەسێک و دەستگیرکردنی بەرفراوان.
لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کە بە ناڕەزایەتی بازاڕ و دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەن لە تاران دەستی پێکرد، بە خێرایی شارەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.
سەرچاوە سەربەخۆکان و تۆڕەکانی مافی مرۆڤ و گروپە ناوخۆییەکان ڤیدیۆ و شایەتحاڵییان بڵاوکردووەتەوە کە گردبوونەوەی گەورە و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی حکومەت و لە هەندێک حاڵەتدا بەکارهێنانی چەکی ئاگرین لە شارە جیاوازەکاندا نیشان دەدەن؛ هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لە مردن و ناشتنی خۆپیشاندەران لە پارێزگای لوڕستان لەوان شاری کۆهدەشت و پارێزگاکانی دراوسێیان کردووە.
ڕاپۆرتەکانی سەرچاوە سەربەخۆ و ئۆپۆزسیۆنەکان و ڕاپۆرتە ڤیدیۆییەکان کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە لە بەرەبەیانی ٣ی ژانویه ٢٠٢٦ (١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤)ەوە، ناڕەزایەتی و مانگرتن له دەیان شاری ئێران بەردەوام بووە و بە خێرایی لە شارەکانی ناوەندی ئێران و بەشێک له ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوبووەتەوە.
لە تاران (ناوچەی بازاڕ و زانکۆکان) بۆ پارێزگای فارس (فاسا و شیراز)، ئیسفەهان (بە فۆلادشارەوە)، پارێزگای لوڕستان (کوهدەشت، ئەزنە، لۆردێگان، دۆرود، و خوراماباد)، پارێزگای خوزستان (ئەهواز و دێزفول)، پارێزگای کرماشان (شاری کرماشان و ئیسلامی ئاباد ڕۆژئاوا/شاباد)، پارێزگای ئیلام (ئیلام و شارە دراوسێکانی)، و ڕاپۆرتی گردبوونەوە یان مانگرتن لە تەورێز، هەمەدان، ئەراک، نەجەفئاباد، یاسوج و چەند ناوەندێکی تری شاریش بڵاوکراوەتەوە.
لیستێک کە لەلایەن میدیای سەربەخۆوە بە ڤیدیۆ و وێنە و ئیفادەی شایەتحاڵە ناوخۆییەکان دۆکیۆمێنت کراوە، دەریدەخات کە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان ئێستا لە چەند ناوەندێکی گەورەوە بۆ شارەکان و ناوەندی پارێزگاکان بڵاوبووەتەوە.
ڕۆژی هەینی 12ی بەفرانبار، تۆڕی OSINT فایتۆکس نەخشەی چەند ڕۆژی یەکەمی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکانی بڵاوکردەوە و نیشانی دا کە گردبوونەوە لە ٧٢ شاری ئێران بەڕێوە دەچێت؛ هەندێک ناوچە هەر لە سەرەتاوە بەشدار بوون و لانیکەم ١٥ شار تەنها لە ڕۆژی چوارەمدا پەیوەست بوون بەو شەپۆلەوە، ئەمەش نیشانەی بڵاوبوونەوەی خێرای توڕەیی ئابووری و کۆمەڵایەتی بوو بۆ شارەکان.
نەخشەی فایتۆکس کە کۆکەرەوەی خێرای ڤیدیۆ و ڕاپۆرتی مەیدانییە لە سۆشیال میدیا، وێنەیەکی گەورە دەخاتە ڕوو کە چۆن خۆپیشاندانەکان بڵاوبوونەتەوە؛ شارەکان بە دوو ڕەنگ کۆد کراون. سوور بۆ ئەو شارانەی کە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە (یەکشەممە، ٧ی بەفرانباری 1404/ 28ی دیسامبری ٢٠٢٥) ناڕەزایەتییان بەخۆوە بینیوە، و پرتەقاڵیش بۆ ١٥ شار کە ڕۆژی پێنجشەممە (١١ی بەفرانبار/١ی ژانویه ٢٠٢٦) پەیوەست بوون بە ڕاپەڕینەوە.
هەرچەندە نەخشەکە لەسەر بنەمای داتاکانی سەرچاوەی قەرەباڵغە و پێویستی بە پشتڕاستکردنەوەی مەیدانی هەیە بۆ هەر شوێنێک، بەڵام نەخشێکی جوگرافی ڕوون نیشان دەدات؛ شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە ناوەندە شارەکانەوە بۆ شارەکان و گەڕەکەکانی دەرەوەی شار ڕژاوە.
لیستی تەواوی ٧٢ شار ڕەنگدانەوەی پانتایی جوگرافی بێ وێنەی شەپۆلەکەیە. شیراز، ئیسفەهان، مەلارد، کەرەج، زاهیدان، کرماشان، تاران، مەشهەد، شوش، هەمەدان، دەرگەهان، نەجەفئاباد، یەزد، گۆرگان، کرمان، ئاراک، نووراباد، فۆلادشار، ورمێ، ئیزە، مەلایەر، شەهرەکۆرد، کازەرون، فەرسان، ئەهواز، سەبزەوەر، فەسا، دێهلۆران، ئەسعەدەباد، ڕامهۆرمز، شیروان، ئیسلامشار، زەنجان، ساوە، دێزفول، ئیسلام ئاباد ڕۆژئاوا (شاباد)، کۆهدەشت، مەرلیک، مامەسانی، نەهاوەند، دۆرود، یاسوج، عەلیگودەرز، خوراماباد، ڕەشت، جۆنقان، بابۆڵ، دوورگەی کیش، لالی، باغمەلەک، لۆردێگان، مەرڤدەشت،
جۆیاباد، بەندەر گەنەوا، جەهرۆم، هەرسین، قۆم، کاوەر، ئیلام، ئەزنا، وەکیل ئاباد، مەعلیئاباد، فیروزاباد، نەیشابور، چوارباغ، بەندەر عەباس، ڕۆبەتکەریم، پردیس، ئەسفەڕەین، قەزوین و ئاودانان.
لە لایەکیترەوە لاوازی ڕوماڵی فەرمی و بڕین یان سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن وایکردووە هاوڵاتیان ڤیدیۆ و وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵە سەربەخۆکان بڵاوبکەنەوە؛ ئەم ناوەڕۆکە کە بەکارهێنەر بەڕێوەی دەبات ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە گواستنەوەی شێوازی ناڕەزایەتی لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر.
ڕاپۆرتە نائارامکەرەکانی توندوتیژی و دەستگیرکردن
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەواڵی دەستگیرکردنی لانیکەم ١٠ کەسی لە نێویاندا چەند منداڵێک لە شەقامەکانی نۆبەهار و مۆدارێسی کرماشان بڵاوکردەوە که چارەنووس و شوێنی مانەوەیان نادیارە. ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە شاری ئەسەدەبادی هەمەدان بڵاوکراونەتەوە، دیمەنی شەڕی شارەکان و سووتانی بەربەستەکان و دەنگی بەردەوامی تەقەیان پیشان دەدا. ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزەکانی پۆلیس لە بنکەی پۆلیسی ١١ ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و لە خورامابادی لوڕستانیش هێزە تایبەتەکان بە بەکارهێنانی باتون و گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران.
بێدەنگی دەسەڵاتدارانی خۆجێی نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە سەبارەت بە ئەگەری ژمارەی بریندارەکان.
ڕاپۆرتە دراماتیکییەکان شاری فەسا، ئاماژە بەوە دەکەن کە خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی کاتی دەستیان بەسەر بینای فەرمانداری گرتووە. لە گرتە ڤیدیۆییەکان دەردەکەون کە خۆپیشاندەران دوای شکاندنی دەرگای چوونە ژوورەوە دەچنە ناوەوە و دواتر هەواڵی تەقەکردن لە ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە.
ئەوەی تا ئێستا دەکرێت لەسەر کوژراو و دەستگیرکردنەکان بگوترێ؛ ڕاپۆرتی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان و کوژرانی لانیکەم ٦ کەس لە شارەکان بڵاوکراونەتەوە؛ پارێزەرانی ناوخۆیی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم کەیسانە بەڵگەدار دەکەن، بەڵام لە زۆر شوێن زانیاری پزیشکی- یاسایی فەرمی و سەربەخۆ بۆ پشتڕاستکردنەوەی قوربانییەکان هێشتا لەبەردەستدا نین. هەروەها چەندین ڕاپۆرتی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی بە ئامانجی چالاکوانانی ناوخۆیی و خوێندکاران بڵاوبووەتەوە.
هاوکات دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ هۆشدارییان لە ژمارەی وردی کوژراوان و دەستگیرکردنەکان داوە و ڕایانگەیاندووە، ئامارە سەرەتاییەکان پەرش و بڵاون و هەندێکجاریش دژ بەیەکن.
لە ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی زۆربەی شارەکانی ئێراندا، بارودۆخی ئەمنی زۆربەی شارەکان بە تایبەت لە نیوەی ڕۆژ و شەودا سەختە و هاووڵاتییان ڕاپۆرتی نمایشی ماتۆڕیی یەکینەکانی سەرکوتکەر بە چەکی سەربازییەوە بە مەبەستی دروستکردنی ترس و تیرۆر ڕادەگەیەنن.
لە لایەکی دیکەوە میدیا و ئەکاونتی تاک و بزووتنەوە جۆراوجۆرەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامەکان بڵاودەکەنەوە و داوای ناڕەزایەتی و گردبوونەوە دەکەن. لەسەر ئاستی حیزبیش سێ حیزبی کوردی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی جەماوەریی ئێرانیان کردووە و جەختیان لە سەر پێویستی گۆڕانی دێموکراتیک کردووەتەوە.
زانکۆ؛ قەڵایەکی نوێی هاودەنگی
لە تاران، جارێکی دیکە “کۆی دانشگاه” بووەتە ناوەندی بزووتنەوەکانی خوێندکاران. ڕێکخراوەکانی خوێندکاران بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و هاوسۆزییان لەگەڵ مانگرتنی بازاڕ و هەڵوێستیان بەرامبەر بە بارودۆخی ئێستا دەربڕیوە. کۆمەڵەی ئیسلامی خوێندکارانی زانکۆی تارانیش هەروەها بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و وێڕای ئیدانەکردنی وەڵامدانەوەی ئەمنی بۆ ئەو گردبوونەوە و خوازیاری کۆتایی هێنان بە سەرکوتی ناو کەمپەکە. ئەم بوونی خوێندکارە لەسەر زەوی بە کردەوەی توندی هێزە ئەمنییەکان و دەستگیرکردنی چەند چالاکێکی خوێندکاری بەرەوڕوو بووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئامێری ئەمنی ترسی لە پێکهێنانی هاوپەیمانی لە نێوان چینی ناوەند و خوێندکار و بازرگانەکان هەیە.
لە بەرەی مەدەنیشدا ژمارەیەک پارێزەری سەربەخۆ ئامادەیی خۆیان بۆ قبوڵکردنی دۆسیەی دەستگیرکراوەکان بەبێ بەرامبەر ڕاگەیاندووە و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیانەیان بە نایاسایی ناوبردووە.
یەکگرتنی چینایەتی؛ هاوپەیمانییەکی نەنووسراو بەڵام ناسک
لە ڕاپەڕینەکانی پێشوودا هەندێک جار سنوورێکی ڕوون لە نێوان ناڕەزایەتییەکانی بژێوی (چینی خوارەوە) و ناڕەزایەتییە سیاسی-مەدەنییەکان (چینی ناوەڕاست و خوێندکاران)دا هەبوو. بەڵام لە بەفرانباری ١٤٠٤ / دیسامبری ٢٠٢٥دا، ئێمە شاهیدی “یەککەوتنی چینایەتی”ین. واتە “زانکۆ” هێزی بزوێنەری ئایدیۆلۆژی و سیاسییە، “بازاڕ” خوێنهێنەری ژیانی و لۆجستییە و “شەقام” قۆڵی ئۆپەراسیۆن و جەماوەرییە.
ئەم پەیوەندییە سێ لایەنەیە، بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان قورس دەکات، چونکە سەرکوتکردنی هەر یەکێک لەو لایەنانە، ئەوی دیکەیان وروژێنێت و تێچووی سیاسی حوکمڕانی لە ڕەهەندە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا زۆر زیاد دەکات.
ئێستا پرسیاری بنچینەیی ئەوەیە، ئایا ئەو یەکتربڕینە “نەنووسراوە”ی نێوان بازاڕ و زانکۆ و شەقام دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی، یان حکومەت جارێکی دیکە پشت بە “مشتە ئاسنینەکان” و بەڵێنی مامناوەند دەبەستێت بۆ پاڵنانی قەیرانەکە بۆ چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا؟ ئەوەی ڕوونە کەلێنی نێوان میللەت و دەوڵەت گەیشتووەتە قۆناغێکی نەگەڕاوە.
ڕۆڵی ڕۆژهەڵات له خۆپێشاندانی بەفرانباری 1404
لە ناو شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتی سەرتاسەری کە زیاتر لە ٧٢ شاری گرتۆتەوە، لە واقیعەوە نزیک نییە بڵێین شەقامەکانی ڕۆژهەڵات تاڕادەیەک غیابن، چونکە ڕۆژهەڵات لە کوردستاندا دینامیکی کۆمەڵایەتی-سیاسی خۆی هەیە.
لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا، شارەکانی ناوەندی ڕۆژهەڵات لە کوردستان وەک سنه، مەهاباد، دیواندەرە، جوانڕۆ، بۆکان، سەقز و … ناوەندی پێشهاتە ناڕەزایەتییەکان بوون و لە هەمان کاتدا ئامانجی توندترین سیاسەتەکانی سەرکوت بوون. لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵات، شارەکانی وەک ئیسلام ئاباد ڕۆژئاوا (شاباد) و بەتایبەتی ئاودانان وەرچەرخانێکی نوێیان بۆ ناڕەزایەتییەکان لەو ناوچانە دیاری کرد.
بهڵام له ناڕهزایهتییهکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا ناڕهزایهتی بهربڵاو له کرماشانهوه تا ناوچهکانی لهک و لوڕستان ههبوو و تا ئێستاش دهستبهسهڕکردنێکی زۆر تۆمار کراوه. لەم ڕوانگەیەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو دینامیکی سیاسی و هەڵوێست و ستراتیژەکانیەوە، هەمیشە مەیدانی ناڕەزایەتی سیاسی بووە، جارێک لە سنە، جارێکیتر لە کرماشان یان ورمێ.
ئەزمونەکان دەریانخستووە کە هەرجارە کوردستان لە پێشەنگی خەباتدا بووە، بەڵام لە دابەشکردنی ئەنجام و دەسەڵاتدا یان پشتگوێ خراوە یان دیسانەوە پەراوێزخراوە.
لە شۆڕشی ١٩٧٩ تا ڕاپەڕینەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٩ و ٢٠٢٢، بەشداری و خەرجکردنی بەردەوامی کورد جگە لە دوو سەرکوتکردن و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ناوەندگەرایی هیچ وەڵامێکی نەبووە.
ئەم نادادپەروەرییە مێژووییە وایکردووە بەشێک لە کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵات پێیان باشتر بێت بە وریاییەوە بمێننەوە و چاوەڕێی ئەوە بکەن کە ڕێکخستنەکان لەم خۆلەی ناڕەزایەتییەدا ڕوونتر ببنەوە.
هاوکات میدیای سەرەکی فارسی زمان لە دەرەوەی وڵات هەوڵی پێشخستنی پڕۆژەی سەپاندنی ڕەزا پەهلەوی، شازادەی دەربەدەری، وەک “سەرکردەیەکی جێگرەوە” دەدەن.
بۆ کورد ئەم بابەتە نەک هەر شەرعیەتی تێدا نییە، بەڵکو مێژووی سەرکوتکردنی ناسنامە و مافی نەتەوە غەیرە فارسەکان لەلایەن دەسەڵاتی پاشایەتییەوە بیردەخاتەوە.
هەرچەشنە بێئاگابوونێک لەم پرۆسەیە لەلایەن میدیا و لایەنە کوردییەکانەوە، فۆرمێکی مەترسیداری پاسیڤیەت دەبێت.
بۆیە پێویستە میدیا و هێزە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بە وریاییەوە هەوڵەکانی پشت پەردە بۆ دەستبەسەرداگرتنی شۆڕش لەلایەن هێزە ناوەندگەرییەکانەوە ئاشکرا بکەن.
ڕۆڵی ئێستای کوردستان نیشانەی بێخەمی نییە، بەڵکو “ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە پەراوێزخستنی مێژوویی”یه.
ئەگەر بڕیارە داهاتوویەکی نوێ پێکبهێنرێت، دەبێت لەسەر بنەمای بەشداریکردنی یەکسان و مافی چارەی خۆنووسین و یەکسانی ڕاستەقینە بێت؛ نەک بەرهەمهێنانەوەی ناوەندگەرایی بە ڕووخسارێکی نوێ.
لە کۆتاییدا دەکرێ بڵێین ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ڕۆژانی کۆتایی دیسامبری ٢٠٢٥ زیاترە لە کاردانەوەی جەماوەری بەرامبەر بە نرخی دۆلار؛ ئەم دۆخە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئێران پێی ناوەتە قۆناغێکی “قەیرانی پێکهاتەیی هەمەلایەنە”.
باسه ئابوورییەکان چیتر بە بەڵێن و قسە چاک ناکرێنەوە و کۆمەڵگاش گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی کە “سەقامگیری نان” بەبێ “گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سیاسیدا” مومکین نییە.
ئەگەر حکومەت نەتوانێت لە کورتخایەندا شۆکێکی ئەرێنی بگەیەنێتە بازاڕ، ئەوا ئەگەری گۆڕینی ئەم کۆبوونەوانە بۆ “مانگرتنی گشتی بەردەوام” زۆر بەرزە. هەرچەندە کەمێک زووە پێشبینی لەو جۆرە بکەین.
*وێنە: نەخشەی خۆپیشاندانەکانی ئێران
قەندیل پرێس