قهندیل پرێس
لە چاوپێکەوتنێکی تهلهفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی زاگرۆس 24، ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک دۆسیەی جیۆپۆلیتیکی و ناوخۆیی زۆر هەستیار کە ڕەهەندی چارەنووسساز لەسەر داهاتووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنێنەوە. لەم دیمانەیەدا کە کۆمەڵێک خاڵی ناڕوونی پێشووی بۆ لایەنە سیاسییەکان و رای گشتی ڕوون کردەوە، ناوبراو لە سەرەتادا پێشبینییەکانی خۆی لەبارەی دۆخی سیاسی و ئەگەرەکانی جەنگ لە ناوچەکەدا خستە ڕوو و ئاماژەی بەوەدا که لە ئێستادا بژاردەی شەڕی ئێران زۆر بەهێزتر و نزیکترە لە بژاردەی دانوستان، چونکە کۆمارییەکانی ئەمریکا دەیانەوێت بەو ڕێگەیە دیموکراتەکان بێدەنگ بکەن و وێنەی سەرکەوتنێکی گەورە بۆ خۆیان تۆمار بکەن، و لە لایەکی تریشەوە ئیسرائیل بە هەموو شێوازێک دەیەوێت مەترسییەکانی تاران لەسەر خۆی لاببات، بەتایبەت کە ئیران ئێستاش بەردەوامە لە خاوێنکردنەوە و پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەمەش لای ئیسرائیل وەک هەڕەشەیەکی بوون سەیر دەکرێت کە دەبێت بە یەکجاری کۆتایی پێبێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی هەرێمی و هاوپەیمانی مەککە، کەریمی روونی کردەوە کە ئەو هاوپەیمانییە بە ئامانجی سەرەکیی ڕێگریکردن لە جەنگی دژی ئێران پێکهاتووە، بەتایبەت لەلایەن تورکیاوە، چونكە تورکەکان لە قووڵایی ستراتیژی خۆیاندا سوور دەزانن کە دوای ڕووخان یان لاوازبوونی ئێران، ڕاستەوخۆ نۆبەی ئەوان دێت و ئاگرەکە ئەوانیش دەتەنێتەوە.
لە تەوەرێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا که پەیوەندی بە پڕۆژەی سیاسیی پژاکەوە هەبوو، هاوسەرۆکی پژاک باسی لە پڕۆژەی «ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک» کرد و دانی بەوەدا نا کە هەرچەندە تا ئێستاش خەڵک و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بە تەواوی لە ناوەرۆک، پەیام و ئامانجی ئەم چەمکە نەگەیشتوون، بەڵام بەشێکی ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ کەمترڕوونکردنەوەی لای خۆیان و ئەوان بە بەرپرسی دەزانن.
لەگەڵ ئەوەشدا، کەریمی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم چەمکە تەنها موڵکی پژاک نییە، بەڵکو هی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانە کە لە مەیدانی خەبات و سیاسەتدا کار دەکەن و پێویستە هەمووان بەیەکەوە گفتوگۆ لەسەر ئەم چەمکە بکەن و زیاتر ڕوونی بکەنەوە. پژاک ئێرانیکی فیدراڵ و دیموکراتیکی دەوێت کە تێیدا مافی گەلی کورد گەرەنتی کرابێت و ستاتۆیەکی شایستە بۆ کورد لە ئێرانی داهاتوودا مسۆگەر بکات، چونکە کورد خاوەنی مافی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە و دەسەڵاتی داهاتووی ئێرانیش دەبێت دیموکراتیک بێت.
ناوبراو بە توندی ئەو بۆچوونەی ڕەتکردەوە کە گوایە کورد کەمینەیە، و جەختی کردەوە کە ئێرانی نوێ لەدایک دەبێت، ئینجا بە کورد یان بێ کورد، و ئەوانەی دەڵێن دەبێت کورد خۆی جیا بکاتەوە، فەرموو با ئەگەر دەتوانن خۆیان جیا بکەنەوە و دەوڵەت دروست بکەن با بیکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا کورد دەبێت لە داڕشتنی سیستەمی نوێدا ڕۆڵی کارا و یەکلاکەرەوەی هەبێت لەوەی خاوەن چ جۆرە قانون و مافێکی هاوڵاتبوون دەبێت. لەم ڕوانگەیەوە، ناسنامەی ئێرانیبوون لەلایەن پژاکەوە مەشرووتە، لە کاتێکدا هەندێک لە لایەنەکان پێشتر ئێرانیبوونیان قبوڵ کردووە و تەنانەت ناسنامەو پاشناوهكانیان ئێرانییە، بەڵام مافی دیاریکردنی چارەنووس و خۆبەڕێوەبردن (وەک خودموختاری) مەرجی سەرەکیی پژاکە و هیچ کاتێک ئینتیگراسیۆن دژی مافی چارەی خۆنووسین نییە، بەڵکو دروستکردنی گرژی لەسەر ئەم پرسە ئامانجێکی سیاسیی لەپشتە و تەنها لە قازانجی نەیارانی کوردهدات.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، کەریمی وەڵامی ڕەخنەکانی کۆمەڵە و لایەنەکانی تری دایەوە و هۆشدارییەکی توندی دا لەوەی کە هەندێک لە لایەنەکان شتێک ڕەخنە دەکەن کە پەیوەندی بە پژاکەوە نییە بەڵکو هی خۆیانە، و بەو جۆرە هەڵسوکەوتانە خودی هاوپەیمانییەکەشیان خستووەتە جێگەی پرسیارەوە. لەم ڕوەوە، هاوسەرۆکی پژاک پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا لەوە مەترسیدارتر هەیە کە هەندێک لایەن دەیانەوێت بە کۆڵ ڕەزا پەهلەوی لە کوردستانەوە دەربازی ئێران بکەن؟ و سەبارەت بەو هاوپەیمانیانەی کە لە سەرەتادا بە ئامانجی ڕووخانی ئێران پێکهاتبوون و ئێستا بە ئامانجی ڕووخانی یەکتری کار دەکەن.
کەریمی ڕایگەیاند کە ئەو دۆخە «بۆنی شەڕی ناوخۆی لێدێت» و داوای لە هێزەکانی ناو هاوپەیمانی کرد کە ئەندامەکانیان وریا و ئاگادار بکەنەوە چونکە پژاک هەرگیز ناچێتە ژێر بارێكی واوە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە پژاک وەک تاكە هێز ئاڵای کۆماری مەهاباد و پێشەوا قازی محەمەدی هەڵگرتووە، لەسەر خاکی خۆی فیداکاری بۆ گەلەکەی دەکات و سیاسەتێکی دروست پەیڕەو دەکات، و بە پێچەوانەی ئەوانەوە لە ڤیلای چەند ملیۆن دۆلاری لە ئەوروپاوە خیتاب و ڕێنمایی بۆ گەلەکەی نادات، بەڵکو لە ناو دڵی کوردستان و لە ناو ئەشکەوتەکانەوە قسە بۆ گەلەکەی دەکات، هیچ بەرژەوەندییەکی کەسی نەویستووە، قوربانی و شەهیدی داوە و دەدات، و هیچ هێرشێکی بێ وەڵام نەیهێشتۆتەوە. بۆیە ڕەخنەی توندی لەو لایەنانە گرت کە لە جیاتی وەڵامدانەوەی دوژمن و هێرشکردنە سەر پژاک، کاتی خۆیان بە تەخوێنکردن بەسەر دەبەن، و داوای کرد لە جیاتی ئەوە خەمی پاراستنی ژیانی پێشمەرگەکانیان بن و ڕێگری لەو پلانە بگرن کە عێراق و ئێران دەیانەوێت هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە کەمپەکانیان دەرکەن.
لە کۆتایی دیمانەکەشدا، کەریمی تیشکی خستە سەر دۆخی بەشەکانی تری کوردستان و ئاماژەی بەوەدا کە تێکەڵبوونی هێزەکانی یەبەشە لەگەڵ سوپای عێراق هەنگاوێکی گرنگ بووە و ئەوان پشتگیری لێ دەکەن، لە بەرامبەردا ڕەخنەی توندی لە دەسەڵاتی کوردی گرت کە نەیتوانی شنگال بپارێزێت و بەهۆیەوە خەڵکی شنگال متمانەیان بە هێزی کوردی و پێشمەرگە نەما. ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە هیچ کەس ناتوانێت لایەنەکەی تر لە مەیدان بسڕێتەوە، بۆیە پێویستە گەلی کورد لە هەموو بەشەکاندا یەکگرتوو و خاوەن یەک گوتار بێت و دەبێت ئەو دەرفەتە مێژووییەی کە هاتووەتە پێشەوە بە هیچ شێوەیەک لە دەست نەدات.
قەندیل پرێس