ئارەش ساڵح دەڵێت: “لەیەک دوو دەیەی ڕابردوودا مانگرتن هەبووە. ئەو مانگرتنانە ئەتوانین بڵێین کە یەکەمیان شەهیدبوونی شەهید فەرزاد و ئەوان بوو و دووەمیان دوای موشەکبارانی بارەگای حیزبەکان بوو و ئەمەشیان سێیەمییە. ئەم سێیانە لەڕووی مەرج و دۆخەوە زۆر لێک دەچن و بۆیە ئەکرێت ئەم سێیانە پێکەوە بەراورد بکرێن و بزانین چییە هۆکارەکەی کە ئەمجارەیان بە سەرکەوتوویی ئەو دووانەکەی تر نەبووە. بە باوەڕی من ئەگەر چاو لێبکەین لەهەردوو دانەکەی پێشوودا، ئێمە جۆرێک لە خەباتی شاخ و جورێک لە خەباتی پێشمەرگانە و جۆرێک لە بەرگری چەکدارانە بوونی هەبوو.”
قەندیل پرێس: لە یەکساڵی ڕابردوودا پرۆکسیەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران وەکوو حیزبۆڵڵا، حەماس و حووسیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە لایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە لاواز کراون، هەروەها ڕژێمی بەعسی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد کە هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی بوو لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەوە ڕووخێندرا، ئەم ڕووداوانە چ کاریگەریەکیان لەسەر ناوخۆی ئێران و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت؟ ئایا دەرفەتێک بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەخۆلقێنێت؟
ئارەش ساڵح: پێش هەر شتێک سپاس بۆ ئێوە بۆ ئەم بانگهێشتە. بۆ ئەم وتووێژە و هەروەها سڵاو بۆ خوێنەرانی بەڕێزتان.
ئەبێ بگوترێ کە دەتوانرێت بە چەند شێواز ئەم ڕووداوانە لێک بدرێنەوە. یەکەم ئەوەی کە کۆی ئەم ڕووداوانە نیشانەیەکن بۆ ئەوەی کە ڕژیمی ئێران، لاواز بووە لە ناوچەکەدا. توانایەکانی کەم بوونەتەوە لە ناوچەکەدا. و ڕووبەڕووی چالنجی جیدی و ئالنگاری بۆتەوە لە ناوچەکە لەلایەن نەیارەکانییەوە. هەروەها دەتوانین ئەوا چاوی لێبکەین کە ئەمە خۆی نەتەنیا نیشانەی لاواز بوونی ڕژیمە، بەڵکوو کاریگەریشی ئەبێ لەسەر ئەوەی کە ڕژیم زیاتر لاواز بێت و ڕەوایی خۆی زیاتر لەدەست بدات، و فاکتەر جیهانییەکان زیاتر لەدژی بن. بۆ ئەوەی ڕژیمێک بکەوێتە سەراولێژی یا لێواری ڕووخان، کۆمەڵێک فاکتەر گرینگن؛ کە لەوانە فاکتەر دەرەکییەکانن. لەوانە ڕەوایی ناوخۆیی، لەوانە خەڵکەکە چۆن چاو لە دەوڵەتەکەیان دەکەن، بە هێز دەیبینن یا نا؟ بە باوەڕی من ئەم شکستانە و ئەم دۆخەی کە لەڕۆژهەڵاتی ناوین هاتە ئاراوە، کاریگەری زۆری لەسەر ئەو کۆمەڵە فاکتەر ئەبێت و ئێران زیاتر پاڵ پێوە دەنێت بەرەو لای سەرەولێژی، ڕووخان و داڕمان. بە باوەڕی من ئەم مەسەلەیە لەکوردستانیش دا ڕەنگی خۆی دەداتەوە. هەڵبەت لە کوردستان لەبەر دینامیزمێک کە لەناوخۆدا هەیە، دۆخەکە لەوانەیە جیاواز بێت و پێویست بکات کە ئەحزاب ڕۆلی زیاتر بگێڕن لەو پەیوەندیە، بەڵام کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی زیندووترە و بۆیە ئەم دۆخە لە کوردستان زیاتر خۆی پیشان دەدات. هەروەها ئەبێ ئەوەشمان لەبەر چاو ون نەبێت کە مەودای جۆگرافی کوردستان لە دەسەڵات واتە لەناوەند لە پایتەخت و هەر وەها ئەوەی کە کورد بەشێکی زۆری حەشیمەتی ئێران پێک نایێنێ، خۆی فاکتەرێکن بۆ ئەوەی کە هەرچەندە کوردستان زیندووە و خەباتی خۆی دەکات و دەڕواتە پێش، بەڵام هەروەک پێشتر چەندین بار بیستوومانە، بۆ وێنە لە زاری دۆکتۆر قاسملووەوە ئەوەمان بیستووە کە بە تەنیا بە کورد ناڕووخێ، ئەو دوو فاکتەرەش ئەبینین ڕۆڵ ئەگێڕن و بە ڕوونی پیشانیان داوە کە گرنگن، یەک مەودای جۆگرافی لەگەل تاران و یەکێکیش ئەوەی کە ئێمە ڕێژەیەکی زۆر گەورە لە حەشێمەت و پاپیۆلەیشنی ئێران نین. ئەو دوو فاکتەرە وا دەکەن کە هەرچەندە کوردستان زیندوو بێت بەڵام پێویست بەوە دەکات کە پرسی ڕووخانی ڕژیم و گۆڕانکاری قووڵ بەشەکانی تری ئێران بە تایبەت تارانی تێبکەوێت. کە ئەمە خۆی مەقوولەیەکی ترەو و باسێکی ترە کە ئەبێ دواتر باس بکرێت.
قەندیل پرێس: دوای ماوەیەک لە دوور بوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە یەکتر، بە دەستپێشخەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، لە دەوریی یەکتر کۆبوونەوەو بڕیاری هاوکاریان دا و یەکەم هەنگاویش بوو بە مانگرتنی گشتیی لە شارەکانی ڕۆژهەڵات، هەروەها کەنەکە ڕایگەیاندووە ئەوان لە هەوڵی ئەوەدان کۆنفڕانسی ڕاوێژی ڕۆژهەڵات بە بەشداری هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەڕێوەببەن، ئایا کەنەکە دەتوانێت ڕۆڵی پلاتفۆرمی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ببینێت؟ بە گشتیی شرۆڤەی بەڕێزتان لە بارەی ئەم هەنگاوانەوەو نزیک بوونەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات چییە؟
ئارەش ساڵح: بە نیسبەت ئەحزابی کوردی لە ڕۆژهەڵات دا من پێم وایە زۆر زۆر گرنگە حزبەکانی ڕۆژهەڵات بتوانن پێکەوە جۆرێک مکانیزمێک بدۆزنەوە کە هاوکاری خۆیان زیاتر بکەن، لانی کەم هاوئاهەنگیان زیاتر بکەن.ئەوە مەسەلەیەکە کە خەڵکی کورد لەناوخۆوە داوای ئەکات، ئەزانین کە بەشێکی زۆری سەرکەوتن گرێدراوی ئەوەیە کە جۆرێک هەماهەنگی لەناو هێزەکاندا هەبێت، بەڵام ئەبێ ئاگاداریش بین کە تەنەوع و جۆربەجۆری لەناو ئەو حیزبانەدا هەیە بۆ ئەوەی کە هەندێک لەو جەریاناتە لەوانەیە تێکەڵ بە دینامیزمێکی تربن لەگەڵ جەریانی سیاسی بەشەکانی تری کوردستان. ئەو مەسەلە دژواردەکاتەوە کە ئەو هاوکاریە بگاتە ئاستێکی قووڵ. بەڵام تێگەیشتنی من ئەوەیە کە ئێمە نابێت چاوەڕوانیمان زۆر لەسەر ئەوە بێت. کەمترین هاوکاری و هاوئاهەنگییەکان و پەیوەندی و لێکتێگەیشتنەکان بە باوەڕی من گرینگن کە هەبن؛ بۆ ئەوەی کە ئێمە بتوانین ڕۆلێکی باشتر بگێڕین. بە پێچەوانە من پێم وایە کە ئەبێ زیاتر تەرکیزمان لەسەر کەمترینەکان بێت. لەبەر ئەوەی کەمترینەکان ئارمانجگەلێکن کە ئاسانتر دەستت پێیان ئەگات و مانەوشیان ئاسانترە. ئێمە ئەگەر هەنگاو بۆ ئارمانجی زۆر زۆر گەورە هەڵێنین، لە پەیوەندی لەگەڵ دینامیزمی ناوخۆی ئەحزابی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ پێم وایە زۆر واقعبینانە نابێت. هەم لەڕووی ئەوەی کە بەدەستیان بێنین ئەو ئامانجە گەورانە، هەم لەبواری ئەوەی کە چۆن بیانپارێزین و ئاویان بدەین و چۆن باخەوان ئاودێریان دەکات ئەوا ئاودێریان بکەین تا بەرهەمیان لێ ببینین. بە بڕوای من واقعبینانە ئەوەیە کە پێش لە هەر شتێک چاو لە هەندێک ئارمانجی چکۆلە بکەین و بیانکەین بە ئارمانجی خۆمان، و بۆ ئەو ئامانجانە بڕۆینە پێشەوە. لەکۆتایی دا بتوانین بیانپارێزین و هێدی هێدی پەرەیان پێ بدەین.
قەندیل پرێس: شرۆڤەی جەنابتان لەبارەی مانگرتنە گشتیەکەی ڕۆژهەڵات چییە؟ چ پەیامێکی بۆ ناوخۆ و دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە؟
ئارەش ساڵح: ئەم مانگرتنە بە باوەڕی من ئەتوانێ هەڵگری چەندین پەیام بێ، لە چەند ڕەهەندەوە. گەر لەڕوانگەی ناوخۆییەوە چاوی لێبکەین ئەم مانگرتنە پیشان ئەدات کە کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی زیندووە، کۆمەڵگایەکی چالاکە، کۆمەڵگایەکە کە هەندێ شەبەکەی تێدایە کە ئەو شەبەکانە کۆمەڵگا بە زیندووی ڕائەگرن و ئەیبنە پێشەوە. سەرێکی ئەم شەبەکانە گرێدراوی ئەحزابی جیاوازە و سەرێکی دیکەی گرێدراوی خۆڕسکن و لەناوخۆوە ڕواون. بەشێکی پاشماوەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی لاوازە کە هەبووە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، ئەوەمان پێشان دەدات کە ئەو کۆمەڵگایە لەڕاستی دا کۆمەڵگایەکی زیندووە. هەروها ئەوە پیشان ئەدا کە جۆرێکی بلووغی سیاسی لەناو ئێلیتی سیاسی دا هاتۆتە ئاراوە تا لەسەر هەندێک بابەت بتوانن یەکدەنگ بن. لەبارەی بابەتی هەستیار کە ئاسایشی نەتەوەیی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەنە ئامانج. لەدژی ئەمانە بتوانن یەکدەنگ بن. من پێم وایە ئەمانە پەیامێکی زۆر زۆر گرنگە واتە دەریدەخات ئەحزابی ئێمە، ئێلیتی ئێمە، گرووپە جیاوازەکان بە هەر باگراواندێکەوە بن تێگەیشتنێکی هاوشێوە ئەگەر نەلێین مۆنتەبێق، تا ڕادەیەک تێگەیشتنی هاوشێوەیان بە نیسبەت ئاسایشی نەتەوایەتی هەیە. بۆیان گرنگە ئەوە. یا کاتێک لە سەر چەمکی ئاسایشی نەتەوایەتی ئەتوانن هاوئاهەنگ عەمەڵ کەن، ئەمە دەرسێکە بۆ دوژمن کە کاتێک ڕووبەڕووی کۆمەڵگای کوردستان ئەبێتەوە ئەبێ بزانێت کۆمەڵگای کوردستان ئەتوانێ بەرگری لەخۆی بکات. کۆمەڵگای کوردستان مکانیزمی زۆر جیاوازی هەیە بۆ ئەوەی پیشان بدات کە خاوەنی ئیرادەی خۆیەتی و ئەیجێنسی و عاملیەتی خۆی ئێعماڵ بکات. بە باوەڕی من ئەگەرچی ئەتوانم بڵێم کە زۆر پەیامی جۆربەجۆری تێدایە ئەم مانگرتنە، بەڵام ئەم دوو پەیامە زۆر زۆر گرنگن. ئەتوانم بڵێم ئەم پەیامانە هەم بەرە دەرەوەن هەم بەرەو ناوەوەی کۆمەڵگای کوردستانن.
قەندیل پرێس: مانگرتنەکە بە گشتیی سەرکەوتوو بوو، بەڵام بەشێک لەشارەکانی ڕۆژهەڵاتیش بەشدار نەبوون یان بە ڕێژەیەکی کەم بەشدار بوون، هۆکاری ئەمە چی دەزانن و چارەسەر چییە؟
ئارەش ساڵح: بەڵێ من پێم وایە هەروەک چۆن لە پرسیارەکەتا دیارە پێویستە ژیرانە نێزیکی ببینەوە. زمانێکی زانستیمان هەبێ بۆ ئەم پرسە. ئاراستەیەکی زانستیمان هەبێ بۆ ئەم پرسە. بۆ وێنە چاو لێبکەین کاتێک ئەڵێین مانگرتن بەڕاستی مەبەستمان لەمانگرتن چییە؟ پێناسەیەکی دیاریکراومان بۆی هەبێت کە ئەم دەبێتە سنوردارکردنی ئەو دبێنتێتڵە کە کوردیەکەی نازانم ئەبێ بە چی داوای لێبوردن ئەکەم. لە بەر ئەوەی لە ژێر ستەمی دەسەڵاتی فارسی دا بووم، هەندێک شت هەیە کە نازانم لە زمانەکەی خۆمدا چییە و ئەوە ستەمێکی پێهکهاتەییە کە هەرچی هەوڵم داوە کە خۆم لەو بوارەدا کار بکەم بەڵام هەر لەکۆتایدا لە شوێنێک گیر ئەکەوم کە ئەو ستەمە پێکهاتەییە و ئەو کلۆنیالیزمە هەر لەشوێنێک خۆی دەردەخات. بەڵام ئەمە هەر خەباتێکە کە بەرەو پێش ئەچین بەڵام با بێینەوە سەر باسەکەمان گەر بێینو پێناسەیەکی دیارکراومان هەبێ لەوەی کە مەبەستمان لەو مانگرتنانە چییە. ئەمە لەیەک دوو دەیەی ڕابردوودا هەر هەبووە.
ئەو مانگرتنانە ئەتوانین بڵێین کە یەکەمیان شەهیدبوونی شەهید فەرزاد و ئەوان بوو و دووەمیان دوای موشەکبارانی بارەگای حیزبەکان بوو و ئەمەشیان سێیەمییە. ئەم سێیانە لەڕووی مەرج و دۆخەوە زۆر لێک دەچن و بۆیە ئەکرێت ئەم سێیانە پێکەوە بەراورد بکرێن و بزانین چییە هۆکارەکەی کە ئەمجارەیان بە سەرکەوتوویی ئەو دووانەکەی تر نەبووە. بە باوەڕی من ئەگەر چاو لێبکەین لەهەردوو دانەکەی پێشوودا، ئێمە جۆرێک لە خەباتی شاخ و جورێک لە خەباتی پێشمەرگانە و جۆرێک لە بەرگری چەکدارانە بوونی هەبوو، لە بەستێنی کۆمەڵگاوە بوو و زەمینەی هەبوو و ڕووی دا، ئەو بەستێنە کۆمەڵایەتییە جۆرێک لە خەباتی چەکداری تێدا بەدی ئەکرا. ئەو خەباتە چەکداریە هەم جۆرێک لە تێگەیشتنی زۆرتری ساز کردبوو و پەرچەکردار و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی باشتری ساز کردبوو لە نێو کۆمەڵگای کوردستان و سەرکوتکەرەکانی دا، ئەمە وای کردبوو کە کۆمەڵگای کوردستان هەست بە تەباییەکی زۆرتر بکەن هەست بە پێکەوەبوونێکی زیاتر بکەن و خۆیان وەک نەتەوەیەک کە توانای بەرگری هەیە هەست پێبکەن. بۆ وێنە لەو کاتەی کە موشەکبارانەکە کرا، موشەکبارانی بارەگای حیزبەکان، ئێمە ئامادەبوونێکی زۆری پێشمەرگەمان ئەبینی، لە شاخ لە شار و گوندەکان. فیلمەکەیان بڵاو دەبووەوە و گەلی کورد لەو کاتەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەستێکی وەهای بۆ ساز ببوو کە ئەمە نەتەوەیەکە کە توانای ئەوەی هەیە لەخۆی بەرگری بکات و توانای ئەوەی هەیە کە عاملیەتی هەبێت. و توانای ئەوەشی هەیە کە ئەو عاملیەتە ئێعمال بکات بە شێوەی بەرگری. بۆیە ئەوە ڕەنگدانەوەی زۆری هەبوو لە سایکۆلۆژی خەڵک، لەوەی کە خەڵک بزانن کە کێن. زۆر هەوڵ دراوە بۆئەوەی کە نەتەوە پێناسە بکرێت بەڵام بە بڕوای من، یەک فاکتەر زۆر زۆر گرنگە لەو پێناسانەدا و ئەوەش ئەوەیە کە لەڕاستی دا ئەمە پرسێکی سایکۆلۆژیکە. زیاتر ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە نەتەوەکەت بزانێ کە توانای بەرگری لە خۆی هەیە و توانای ئەوەی هەیە کە هەبوونی خۆی بسەپێنێت. بۆیە هەبوونی شەڕێکی چەکداری لەو سەردەمە، زۆر زۆر کاریگەری هەبوو لە سەر ئەوەی کە ئەو وشیاریە ڕامیاریە بەهێزتر بێت. و خەڵکەکە زیاتر بێنە ناو کایەکەوە. زۆر کەسی دیکە لەوانەی زۆر فاکتەری دیکە وەکوو مێدیا و … بێننە ئاراوە بە باوەڕی من هەبوونی مێدیا و سۆشیال مێدیا لەم دانەیەدا زۆر زۆر تۆختر بوو لەوانەی پێشوو. لەبەر ئەوەی هەموو مێدیا و سۆشیال مێدیا و حێزبەکان بۆ ئەمە ئیشیان ئەکرد. سۆشیال مێدیا زۆر زۆر بەربڵاوتر بوو، لەم دانەیەدا ئەبینین کە سۆشیال مێدیا لە چەندین ئەپلیکەیشنی جۆراوجۆردا خۆی پیشان دا و زۆر زۆر بەربڵاوتر بوو لەو دوانەی تر. ئەبینین کە دەسەڵاتی ئێران لێرەدا لاوازتر بوو تا ئەو دوانەی پێشوو. ئەبینین کە دۆخی ئابووری لەمەیا زۆر زۆر خراپتر بوو تا ئەو دوانەی پێشوو. ناڕزایەتییەکان زۆر زۆر خراپتر بوون لەو دوانەی پێشوو، بەڵام ئەمانە هەمووی وایکردبوو کە بە هۆی نەبوونی شەڕێکی چەکداری بەهێزەوە کە نموونەکەی ببینێ لەنێو کۆمەڵگادا، تووشی جۆرێک لە خەمۆکی بێت و ئەوا چاو لەخۆی نەکات کە توانای سەپاندنی هەبوونی خۆی هەیە. سەرکوت و بەرخۆدانێک کە لەنێو کۆمەڵگادا بوونی هەبێت، سایکۆلۆژی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە بە شێوازێک ئەخاتە ژێر کاریگەریەوە، کە پێیان وایە ناتوانن بەرگری بکەن. بێ هیوا ئەبن، تووشی بێ هیوایی ئەبن. تەنانەت ئەگەر لە ئێپستمۆلۆژیانا تووشی ئەو هەرەسە نەێن، لە سایکۆلۆژیانا تووشی ئەو هەرەسە دێن و لەو کات و ساتەدا ناتوانن بەرگری بکەن. بۆیە بە باوەڕی من هەبوونی شاخ، شاخی بەهێز توانای ئەوەی هەیە سایکۆلۆژی مرۆڤەکان بخاتە ژێر کاریگەریەوە و سەرکەووتووتر بێت. وەک هەبوونی خەباتێکی چەکداری، هەبوونی کەسێک یا کەسانێک وەکوو دامەزراوەیەک هاتنە پێش چاو بۆ سەپاندنی ئەم هەبوونە، وا هاتنە بەرچاو کە بەرگری نەتەوایەتی دەکەن؛ وای کردبوو، کە سایکۆلۆژی تاکەکان لەناو کۆمەڵگادا بە شێوازێک بێت کە بۆیان گرنگ بێت و پێیان وابێت کە ئەتوانن و بۆیان ئەکرێ و ئەبێ بیکەن و ئەمە زۆر زۆر گرنگە بە باوەڕی من. لە هەموو فاکتەرەکانی تر بە باوەڕی من ڕێژەکەی لەسەرترەوەیە. واتە ئەگەر ئێمە بێین فۆرمێلێک بنووسین لەمبەری یەکسانەکەوە یا موسایەکەوە هاوکێشە گرێدراوەکەمان دابنێین و لەوبەری کۆمەڵێک لەو هاوکێشانە کە دەتوانن کاریگەریان هەبێت لەو پرسەدا دابنێین، ئەوە ڕێژەی ئەمە بە باوەڕی من زۆر زۆر لەسەرترەوەیە تا ڕێژەی فاکتەرەکانی تر. ناڵێم بێ کاریگەرن بەڵام کاریگەریان لە چاو تێکۆشانێکی چەکداری زۆر زۆر بچووکتر و زۆر نادیارترە و ڕێژەکەی زۆر زۆر لەخوارترەوەیە.
قەندیل پرێس: لە کاتی ئێستادا یەکێک لە ڕۆژەڤەکانی ڕۆژهەڵات، بەردەوامی هاوکاری حیزبەکان و پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش بۆ ئەم هاوکارییەیە، بەڕێز ئاسۆ حەسەن زادە بە نووسینی گۆتارێک باس لە چەمکی “سەروەریی خوازی” دەکات کە ئەو پۆتانسیەلەی بۆ ڕێکخستنی گۆتاریی هاوبەشی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەیە، ڕای ئێوە
لەم بارەوە چییە؟
ئارەش ساڵح: زۆر ڕاستە بە باوەڕی من سەروەری خوازی، چەمکێکە ئەگەر بڕۆیتە نێو کاگڵەی بزاڤە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتەوە، بزاڤێکە ئەمڕۆ بوونیان هەیە، تۆخمی سەرەکی هەموو ئەو داخوازانە پێک دێنێت. ئەگەر چی لەوانەیە باسی لێوە نەکرێت، ئەگەرچی بە ڕوونی نەوترێتەوە بەڵام، ئەگەر مەبەست لە سەروەریخوازی وەرگێڕانی چەمکی سانڤرینتینگی ئینگلیزی بێت، کە لەوتارەکەی کاک ئاسۆدا ئەوە دیارە کە وەرگێڕانی ئەو چەمکەیە، بە باوەڕی من ئەمە بابەتێکە کە هەڵگری بەرنامەی سەرەکی ئەو پارتانەی کوردستانە. تەنانەت ئەو ئەحزابەش کە سەرەکی نین؛ سەروەریخوازی پرسی سەرەکیانە. بە باوەڕی من لەو چەمکە ڕامیاریانەی کە لەم ساڵانەدا باسی لێوەکراوە و پەروەردەی لەسەر دراوە، کون و قۆژبنەکانی لێکدراونەتەوە پەیوەندی لەگەڵ وڵات لەگەڵ کەمینەکان، هەمووی باسی لێوە کراوە. بابەتی سەروەریخوازی ڕامیاری پرسێکە کە ئەتوانێت بنەمایەکی فەلسەفی یا تیوری بێت بۆ ئەو بەرنامانە کە بوونیان هەیە. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە فیدراڵیزم وەکوو بەرنامەیەک چاو لێبکەین کە هەندێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیانە و بەرنامەیەکی سەرەکییە کە ئەوڕۆکە ئەتوانین لە کۆمەڵگای ڕامیاری ئێران دا بیبینین، فیدرالیزم بەرنامەیەکە کە بە شێوازێکی نوێتر و دێمۆکراتیک تر ئەڕوانێتە پرسی سەروەری. واتە لەو ڕانینەدا سەروەری دابەش ئەبێ بە تۆخم یا ڕێچکەی سەرەکی خۆی کە بریتین لە سەروەری ناوخۆیی و دەرەکی. ساڤرێنتی ناوخۆیی پەیوەندیدارە بە خەڵکە خۆیانەوە کە لەوێ ئەژین. بۆ نموونە گەلی کورد خاوەنی ساڤرێنتی ناوخۆییە. واتە بە هیچ شێوازێک هیچ دەسەڵاتێکی ناوەندی لە تاراندا بۆی نییە کە تاک لایەنە هیچ ساڤرێنییەک لەخاکی کوردستان دا بسەپێنێت. و تاک لایەنە بێتۆ هێز بسەپێنێ لەوێ. ساڤرێنتی ناوخۆی کوردستانی ئێران لەڕاستی دا هی خەڵکی کورستانی ئێرانە و دەبێت دەزگای تایبەتی خۆیان هەبێت و لە شێوازی سیستمێکی فیدراڵی و ئۆتۆنۆمدا ئەو ساڤرێنتییە بسەپێنن و کاتێکیش ئەگوترێ ساڤرێنتی هی خەڵکی کوردستانە ئەمە بەو واتایەیە کە پرسی جێبەجێکردن ئێختیاری نییە، هەندێک لە هاوڕێیانی ئێمە بە هەڵە ناناوەندگەری(تەمەرکۆززودایی) لە پرسەکان دەورووژێنن و دەڵێن ئەمە بنەمای فیدراڵیزمە، نا ئەمە بنەمای فیدرالیزم نییە، بابەتی تەمەرکۆززۆدایی پرسێکە کە لەگەڵ وڵاتێکی یەکپارچە دێتە ئاراوە و فیدراڵ نییە و تەفویز ئێختیار بکا بۆ ئۆستانداریەکان و کاتێک کە بیەوێ لێ وەرئەگرێتەوە. بنەمای ئەوە مافی گەلی کورد نییە، بنەمای ئەوە ڕەزامەندی گەلی فارسە بۆ نموونە ئێستا کورد دەتوانێ لە قوتابخانەکان تۆزێ کوردی بخوێنێ یا نا. کە ئێرادەکەی لە تاران سەرچاوە دەگرێت. بەڵام کاتێک ئێمە دەڵێین فیدرالیزم لەسەر بنەمای سەروەری یا سەروەری بە سەر توخم و ڕێچکە سەرەکییەکانیان دا مەبەستمان ئەوەی کە کاتێک تۆ دەڵێیت فیدرالیزم، کاتێک کە دەڵێی ساڤرێنتی هی گەلی کوردە، گەلی کورد لە هەموو ئەو شئونەدا بێجگە پارێزگاری لە سنوورە گشتییەکانی ئێران، پارەی هاوبەش و پەیوەندی دەرەکی هاوبەش، تازە لە پەیوەندی دەرەکی دا کورد دەتوانێ تا ڕادەیەک پەیوەندی دەرەکی هەبێت، و ئەبێ وا بێت. بەڵام بێجگە لەم سێ خاڵە، بە گەشتی لە هەموو شئونی تردا، کورد خاوەنی مافە و بە هیچ شێوازێک هیچ دەوڵەتێک، لەتاران ناتوانێت ئەو مافەی لێ بستێنتەوە. ناتوانێت تەک لایەنە بڵێت ئێوە چیتر مافی ئەوەتان نییە کە پەرلەمانتان هەبێت، تا ئێستا بووتانە و ئێستا ئێمە دەمانەوێ یاسای بنەڕەتی بگۆڕێن و ئێوە ناتوانن خاوەنی پەرلمان بن یا ناتوانن خاوەنی پۆلیسی خۆتان بن یا ناتوانن هێزی چەکداریتان هەبێت، نا، هێزی چەکدار و پۆلیس، پەرلمان، دەوڵەت و سیستمی پەروەردەی سەربەخۆ، هەموو ئەوانە، پێویستی و ئێلزاماتی ساڤرێنتی کوردن و هی کوردن و بە هیچ شێوازێک دەوڵەتی ناوخۆیی ناتوانێ تاک لایەنانە بێت و ئەوانە بنێتە ژێر پێ. بەڵام تۆخمی تری ساڤرێنتی، و ڕەهەندێکی تری ساڤرێنتی دەرەکییە کە ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ نموونە هەموو سنوورەکانی ئێران یا پەیوەندی دەرەکی یا پارەی هاوبەش. کە ئەمانەش ئەبێ بە شێوازی هاوبەش لە لایەن هەموو خەڵکی ئێرانەوە بەڕێوە بچێت. بۆیە کە ئەڕۆیتە نێو بەرنامەی پارتە جیاوازەکانەوە، پرسی ساڤرێنتی لەوێ بوونی هەیە و ئەو ساڤرێنتییە دەتوانێت بنەمایەک تیوریک بێت بۆ ئەوەی ئەو بەرنامانە خاڵێکی هاوبەشیان هەبێت، بتوانن زیاتر شیبکرێنەوە و دیار بێت کە کاتێک قسە لەم بەرنامانە دەکرێت، چی لە پشتیانەوەیە و پرسەکە و بابەتەکە و خواستەکە چییە. بۆیە بە باوەڕی من زۆر گرنگە ئەو پرسی ساڤرێنتی و ئەوانە لێکبدرێتەوە. دیارە ئەمە پرسێکە کە باسی لێوە کراوە. زۆر سوپاس بۆ هاوڕێیانمان لە گۆڤاری تیشک کە ئەم پرسەیان هێناوەتە ئاراوە من ئاگادارم کە لەوێ لە چەند ژمارە لەسەر ئەو بابەتە ئیش دەکرێت.
یەکێک لەو بەرنامانەی کە هەیانبوو وتووێژێک بوو لەگەڵ من منیش لەوێ ئەو پرس و بابەتانم بە زیاتر و وردتر باس کردووە کە هیوادارم بە زووترین کات بێتە دەرەوە و بخرێتە بەردەستی خوێنەران. لەوێ من زیاتر لەچوارچێوەی تیوری ڕامیاری و مافزانی ئەو بابەتم زیاتر کردووتەوە.
هەروەها پێویستە سوپاسی ئێوەش بکەم کە هەستان بە ورووژاندنی ئەو بابەتە کە بە باوەڕی من زۆر گرینگە کە ئەم پرس و بابەتی ساڤرێنتی یا سەروەریە ڕامیاریە باسی لەسەر بکرێت و شیبکرێتەوە. بۆ ئەوەی کە زیاتر بنەمای خواستە تیوریەکانی گەلی کورد دیار بن و رۆڵی ئێوە لەم پەیوەندیەدا بۆ ورووژاندنی ئەم بابەتە زۆر گرنگە و زۆر زۆر پێم باش بوو کە ئەو پرسیارەتان هێنا ئاراوە. زۆر سوپاس
لە کۆتایی دا دیسان ڕێگەم بدەن سوپاسی ئێوە بکەم و سوپاسی خوێنەرانتان بکەم کە کاتیان دانا.
قەندیل پرێس